یەکێکیان گیانی لەدەستدابوو

بۆ یەکەمجار لە کەرکوک دوو منداڵی بەیەکەوەلکاو جیا کرانەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەمە یەکەمجارە نەشتەرگەریی جیاکردنەوەی دووانەیەکی بەیەکەوەلکاو لە کەرکوک ئەنجامبدرێ کە تەمەنیان تەنیا چوار رۆژ بوو، نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکی نەخۆشخانەی ژنان و مندڵانی کەرکوکەوە ئەنجامدرا، و دەڵێ کارەکەیان سەرکەوتوو بووە.

بەپێی راگەیەندراوی نەخۆشخانەکە، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە دووانەکان گیانی لەدەستدابوو و مەترسی لەسەر ژیانی ئەوەی دیکە دروست کردبوو، تیمێکی پزیشکی بەپەلە نەشتەرگەرییەکەیان ئەنجامداوە.

ئەم نەشتەرگەرییە رۆژی 23.11.2025 ئەنجامدراوە، و  دوو کاتژمێری خایاندووە و تێیدا توانراوە سک و بڕبڕەی پشت و ماسولکە هاوبەشەکانیان جیا بکرێنەوە و ژیانی منداڵەکەی دیکە رزگار بکرێت، پاش دڵنیابوونەوەش لە تەندروستیی رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە.

نەشتەرگەرییەکە بە سەرپەرشتی تیمێکی پزیشکی تایبەتمەند ئەنجامدراوە.

بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەکە لە راگەیەندراوەکە دەڵێت، ئەم سەرکەوتنە نوێنەرایەتی دەسکەوتێکی پزیشکی گرنگە بۆ پارێزگاکە، هەروەها ڕەنگدانەوەی هەوڵە گەورەکان و کارامەیی بەرزی ستافی پزیشکی و پەرستارییە،وە نەخۆشخانەکە بەردەوام دەبێ لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێشکەوتووی تایبەتمەند بۆ خزمەتکردنی نەخۆشەکان.