تاکە وەرزشوانە ئەم شانازییە وەربگرێ
كلیلی كۆشكی سپی رادەستی رۆناڵدۆ كرا
964+
سۆما حەكیم زادە
سەردانەكەی رۆناڵدۆ بۆ كۆشكی سپی و دیداری لەگەڵ سەرۆك ترەمپ، هێشتا هەر جێگەی قسەوباسە و وا بە ئاسانیش كۆتایی نایەت.
رووداوەكە گەورە و مێژووییە و كەم وەرزشوان ئەو شانازییەی پێبڕاوە، بەڵام بۆ كریستیانۆ زۆر زیاتر بوو، ئەوەتا بووە یەكەم وەرزشوان لە مێژوودا كلیكی زێڕینی كۆشكی سپی رادەست بكرێت، كە دیارییەكی سیمبولی و گرنگە، ئەمەش لە سەردانەكەی بۆ ئۆفیسی سپی لە ناو كۆشكی سپی و دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا پێشكەشی كرا.
ئەمریكا بە سەدان یاریزان و ئەفسانەی ناوداری وەرزشی هەیە، بەڵام كلیلی زێڕینی كۆشكی سپی بە رۆناڵدۆی پۆرتوگالی بەخشرا.
رۆناڵدۆ هەرچەندە لەگەڵ شاندی وڵاتی سعودیە سەردانی ئەمریكای كرد، بەڵام خۆی وەك سەركردەیەكی گەورە پێشوازی كرا و ترەمپیش بایەخێكی زۆری پێدا، بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی مۆندیالی ساڵی داهاتوو لە ئەمریكا دەكرێت.
ترەمپ زیاتریش بەوە دڵخۆش بوو، كە بارۆنی كوڕی رۆناڵدۆی لە نزیكەوەبینی، چونكە بارۆن سەرسامی رۆناڵدۆیە، هەر بۆیە ترەمپیش دەیگوت ئیتر بارۆنی كوڕم لەمەودوا زیاتر رێزم دەگرێت، چونكە رۆناڵدۆم هێناوەتە ئەمریكا و ئەویش لە نزیكەوە بینی.