بۆ 2026

هەولێر” وەک یەكێك لە باشترین شوێنە گەشتیارییەكانی ئاسیا دەستنیشان کرا

ئەرسەلان عەبدوڵا

راپۆرتێكی گۆڤاری “کۆندی ناست تراڤێلەر” (Condé Nast Traveler شاری هەولێری وەك یەكێك لە باشترین شوێنە گەشتیارییەكان بۆ ساڵی 2026 دەستنیشان كردووە و پێشنیاری كردووە.

راپۆرتەكە رۆژی 4ی ئەم مانگە بڵاوكراوەتەوە و ئەمڕۆ سێشەممە 18.11.2025 پەیجی فەرمیی پارێزگای هەولێر بەشێكی راپۆرتەكەی ئاماژە پێداوە، هاوكات 964 گۆڤارەكەی بینی و لاپەڕەكانی تایبەت بە راپۆرتەكەی پشكنی.

هەروەها 964 پەیوەندی بە پارێزگار ئومێد خۆشناو كرد بۆ ئەم بابەتە، ئەویش پشتڕاستیكردەوە، كە گۆڤارەكە یەکێکە لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین گۆڤارەکانی بواری گەشتوگوزار، شاری هەولێریشی وەك یەكێك لە باشترین شوێنە گەشتیارییەكان بۆ ساڵی 2026 دەستنیشان كردووە و پێشنیار كراوە، ئەمەش جێگەی شانازیی هەموو كوردستان و خەڵكی هەولێرە، دیارە بۆ ئەمەش هۆكاری زۆر هەن، بەڵام دیارترینیان هێمنی و ئاسایش و پێشكەوتنی بواری بازرگانی و پاكوخاوێنی و ئاسایشی گەشتیاران، هەروەها مێژوویی شارەكە و بایەخدانی حكومەتی هەرێم بە بابەتی گەشتیاری و دابینكردنی خزمەتگوزاری.

هەر لە بارەی ئەم بابەتە ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانییش پۆستێكی لە تۆڕی ئێكس كردووە و نووسیویەتی ” هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە جیهان ”

راپۆرتەکە باسی چی كردووە؟

راپۆرتی گۆڤارەكە هەولێری لە تەك هۆنك كۆنگ و شارێكی ئیندۆنیسیا داناوە وەك باشترین شارەكان بۆ گەشتیاری لە 2026، لە چەند تەوەرێكیشەوە باسی هەولێر دەكات و دابەشی كردووە، كە گرنگترین خاڵەكانی ئەمانەن:

– سەقامگیری و ئاسایش

* راپۆرتەکە هەولێری بە “شوێنێکی ئارام لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا” وەسف کردووە. ئاماژەی بەوە کردووە کە شارەکە سەرکەوتوو بووە لەوەی خۆی وەک پەناگەیەکی سەقامگیر و ئارام نیشان بدات، دوور لەو ناونیشانە سیاسییە گەرمانەی کە زۆرجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیسترێن.

– مێژوو و کەلەپوور (قەڵا)

* ستایشی قەڵای هەولێری کردووە (کە لە لیستی یونسکۆدایە)، وەک کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوون لە جیهاندا کە ژیان تێیدا بەردەوامە بۆ زیاتر لە 6000 ساڵ.

* وێنەیەکی جوانی بۆ ئەزموونی گەشتیاران کێشاوە: “خواردنەوەی چای شیرین لەژێر دیوارە دێرینەکانی قەڵادا، لەگەڵ پیاوانێک کە جلی کوردییان لەبەردایە”.

. نوێگەری و گەشەسەندنی شار

* راپۆرتەکە ئاماژەی بە دیمەنی بەرزکەرەوەکان (kren) و پڕۆژەکانی بیناسازی کردووە وەک بەڵگەیەک بۆ پێشکەوتنی خێرا، تیشكی بۆ چەند بەتایبەتی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونیش راكێشاوە.

لە راپۆرتەكە باس لە هاتنی مارکە جیهانییەکان دەکات بۆ شاری هەولێر و ئاماژەی بە چەند ماركەیەكی ناودار كردووە.

  • ژیانی کۆمەڵایەتی و میوانداری

* بە گەرمی ستایشی میوانداری و بەخشندەیی خەڵکی ناوچەکەی کردووە، پێشوازییان لە گەشتیاران بە “گەرم و راستەقینە” وەسف کردووە.

* تیشکی خستووەتە سەر ناوچەی عەنکاوە وەک ناوەندێک بۆ ژیانی شەوانە و کات بەسەربردن، کە گەشتیاران دەتوانن چێژ لە موزیكی زیندوو و کەشێکی کۆمەڵایەتی کراوە وەربگرن، لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكە.

گۆڤارەكە چییە؟

گۆڤاری “کۆندی ناست تراڤێلەر” (Condé Nast Traveleیەکێکە لە بەناوبانگترین گۆڤارەکانی بواری گەشتوگوزار و شێوازی ژیان (Lifestyle) لە جیهاندا و لە نێو میدیاکانی جیهاندا بە سەرچاوەی هەرە باوەڕپێکراوی گەشتیاری ناودەبرێت و لەلایەن کۆمپانیای میدیایی زەبەلاحی جیهانی Condé Nastـەوە بڵاو دەکرێتەوە و لە ساڵی 1987وە لە ئەمریکا دامەزراوە و تا ئێستا چەندین چاپی هەیە لە وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، چین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.