موسڵمان و مەسیحی پارەیان بەخشی
خێرخوازانی کۆیە و تەقتەق نزیکەی 60 ملیۆن دیناریان بۆ نەخۆشێک کۆکردەوە
+964
دەریا ئەحمەد – کۆیە
ماڵ بۆخۆی نەبوو میوانیشی هات، ئەمە دۆخی هاوڵاتییەکی گوندی چۆمحەیدەرە لە قەزای تەقتەق، کە بارودۆخی دارایی خراپ بوو پاشانیش هەردوو گورچیلەی سست بوون و پێویستی بەگۆڕین بوو، بۆ ئەمەش پێویستی بە 60 ملیۆن دینار بوو کە لە توانای خۆی زۆر زیاتر بوو، خێرخوازان قۆڵیان لێهەڵماڵی و لە ماوەی 15 رۆژدا بانگەوازێکیان کرد و پارەکەیان بۆ کۆکردەوە، بڕیارە نەشتەرگەری گۆڕینی گورچیلەی بۆ بکرێ، ئەندامێکی تیمی کۆکردنەوەی هاوکارییەکەش دەڵێ “خەڵکی بە موسڵمان و مەسیحییەوە لە کۆیە و تەقتەق بەدەنگمانەوە هاتن و پارەی پێویست کۆکرایەوە”.
هاشم شیرەیی مامۆستای ئایینی و ئەندامێکی تیمە خێرخوازییەکە بە 964ـی وت، ئەو نەخۆشە هەم دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بوو، هەم دۆخی ماددیشی، پێویستی بە 60 ملیۆن دینارە بۆ گۆڕینی گورچیلەی، ئێمەش بانگەوازێکمان کرد و لە ماوەی 15 رۆژدا بڕی (54)ملیۆن و (513)هەزار و (500) دینار لەلایەن خێرخوازانەوە کۆکرایەوە و ئەو بڕەی تریش کە دەمێنێ وەک تێچووی نەخۆشخانە خێرخوازێک لە ئەستۆی خۆی گرتووە.
وتیشی، رۆژی چوارشەممە 19.11.2025 لە شاری سلێمانی نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت و بەم نەخۆشەوە نزیکەی 400 نەخۆش بەمشێوەیە هاوکاری کراون کە هەریەکە و دۆخێکی تەندروستی جیاوازیان هەبووە، وەک گۆڕینی گورچیلە و چاندنەوەی جگەر و چەندین حاڵەتی تر، کە هەندێکیان ملیۆنێک دیناری پێویست بووە و هەندێکی تریشی 10 دەفتەری پێویست بووە و هەمووی بەم شێوەیە خێرخوازان پارەکەیان دابین کردووە، ئێمە تەنیا بانگەوازەکە دەکەین.
لە کاتی بانگەوازێکی لەم شێوەیە، هەیە بە 500 دینار و هەیە تا سێ ملیۆن دینار هاوکاری دەهێنێت، مامۆستا هاشم شیرەیی وای وت.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی لە شارەکەمان موسڵمان و مەسیحی هەن، هەمیشە هاوکار و تەواوکەری یەکترین و بانگەوازمان بۆ نەخۆشی برا مەسیحیەکانیش کردووە و ئەوانیش بۆ نەخۆشەکانی ئێمە زۆرجار هاوکارییان هێناوە، هەمیشە لەگەڵ یەکدا بووین، خۆشمان وەک تیمەکە هەموو ئەرکەکان لەسەر خۆمانە و پارەکە بە ئەمانەتەوە دەگەیەنینە شوێنی خۆی و تێچووی ئەم کارانەش جگە لەوەی لە ئەستۆی خۆمانە، لەبەرامبەریشدا یەک دینار وەرناگرین و تەنیا لە پێناو رەزامەندی خودا ئەمە دەکەین.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا