لەبەردەم پارێزگای هەڵەبجە
دەرچووانی دانەمەزراو دژی فەرمانی دەستبەکاربوونی 52 کەس گردبوونەوە
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
سێیەم مانگی لەسەریەکە کە دەرچووانی دانەمەزراو دژی دامەزراندنی 52 کەس کە بە وتەی خۆیان بە نایاسایی و تەزکیەی حیزبی دامەزراون گردبوونەوە و رێگەی بەردەم بینای پارێزگایان بۆ ماوەیەک داخست.
چیا حەمەئەمین دەرچوویەکی دانەمەزراوە بە 964ـی وت، “ماوەیەکی زۆرە لە بەردەم بینای پارێزگادا گردبوونەوە ئەنجامدەدەین، بە ئامانجی ئەوەی ئەو دامەزراندنە رابگیرێت، هەرچەندە لەلایەن نوخشە خانەوە بەڵێنی ئەوەمان پێدرا کە بڕیارەکە رابگرێت بەڵام دوێنێ لە راگەیاندنەوە بیستوومانە کە داواکراوە ئەو 52 کەسە بێن بۆ ئەوەی فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ بکرێت”.
محەمەد یاسین، نوێنەری دەرچووانی دانەمەزراوە و بە 964ـی وت، “ئەوەندە دەمێکە گردبوونەوە ئەنجامدەدەین کە ئیتر ژمارەی هەفتەکان ناژمێرین، ئەگەر ئەو بڕیارە رانەگیرێت، گردبوونەوەکان ئەبەینە ئاستێکی دیکە چونکە ماوەی چەند مانگێکە ئێمە بە مەدەنیانە و هێمنانە گردبوونەوە ئەکەین، بەڵام هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی