ئاگرێکى گەورە لە بەغدا - وێنە: ئەرشیف
دواى هەوڵێکى زۆر
ئاگرەکەى بەغدا کۆنتڕۆڵکرا
وریا فەتاح
لە بەغدا، تیمەکانى بەرگرى شارستانى ئەو ئاگرە گەورەیەیان کۆنتڕۆڵکرد کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ لەناو ژمارەیەک دوکانى پارچەى یەدەگى ئۆتۆمبێل کەوتەوە.
بەرگرى شارستانى عێراق بڵاوى کردەوە، لەچەند دوکان و کۆگایەکى کڕین و فرۆشتنى پارچە یەدەگەکانى ئۆتۆمبێل کە بەشێوەیەکى نایاسایى لەسەر زەوی زێدەڕۆى ناوچەى تالبییەى بەغدا دروستکراو بوون، بەرەبەیانى ئەمرۆ ئاگرێکى گەورە کەوتەوە.
وەک باسى دەکات، بەسەرپەرشتى راستەوخۆى بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى و تیمەکانیان و بەکارهێنانى ئۆتۆمبێلى پێشکەوتووى ئاگرکوژێنەوەى هەردوو بەشى کەرخ و رەسافە، لەگەڵ بەکارهێنانى ئۆتۆمبێلى پەیژەیى، تونرا دواى هەوڵێکى زۆر لە گەمارۆدانى ئاگرەکە، رێگرى لە تەشەنەکردنى بکەن و دواتر کۆنتڕۆڵى بکەن.