بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانرا

ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر دەپاڵێورێت؛ بۆ ئاودان کەڵکی لێ وەردەگیرێت

شۆڕش قادری

ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری پایتەخت دەپاڵێورێت و پاک دەکرێتەوە، بۆ ئاودانی پارک و باخچەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت و ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16.11.2025 لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کاربەدەستدانی هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەردی بناغەی پڕۆژەى وێستگەی پاککردنەوەى ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا.

پڕۆژەکە دەبێتە پاڵپشتی گەورەی پڕۆژەی پشتینەی سەوزایی هەولێر و بۆ ئاودانی باخچە و پارکەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە وتارێکدا و لە بەردەم ئامادەبووانی مەراسیمەکە وتی، “ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە چونکە رێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوەکانی ئاوی پاک دەگرێت و یارمەتی کەرتی کشتوکاڵیش دەدات، لەبەر ئەوەی بۆ ئاودانی مەزرا و پارک و باخچەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرنامەیاندا هەیە، پڕۆژەی هاوشێوە لە شوێنەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجام بدەن.

پڕۆژەى وێستگەی پاککردنەوەى ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم و بە هاوکاری کۆمپانیای ئاوزان، لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا جێبەجێ دەکرێت.