ژنێک بریندار بوو

هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر دیمەشق چی بوو؟

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، دیمەشق بە دوو مووشەکی کاتیۆشاوە کراوەتە ئامانج کە لە دەوروبەری شارەكەوە هەڵدراون، بە گوێرەی زانیارییەكانیش ژنێک لە هێرشەكان بریندار بووە.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، “دیمەشقی پایتەخت، شەوی رابردوو هێرشێکی کراوەتەسەر، کە تێیدا دوو مووشەکی کاتیۆشا لە دەوروبەری شارەکەوە بەرەو گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان لە ناوچەی مێززە و دەوروبەری هەڵدراون و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی و دەوروبەری برینداربوون، هەروەها زیانی ماددی زۆری گەیاندووە”.

ئاماژە بەوەش كراوە، “وەزارەتی بەرگری بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەی لە بارودۆخی ئەو هێرشە قێزەونە دەستپێکردووە و کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست و دیاریکردنی رێڕەوی مووشەکەکان و شوێنی هەڵدانی مووشەکەکان”.

وەزارەت دووپاتیکردووەتەوە کە درێغی ناکات لە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم کردەوە تاوانکارییە و رێکاری رێگریکردن لە دژی هەرکەسێک دەگرنەبەر کە ئاسایشی پایتەختی سوریا بە ئامانج بگرێت”.

بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، تەنیا ژنێک لە هێرشەكان بریندار بووە و هێشتا هیچ لایەنێكیش بەرپرسیاریەتیی خۆی لە هێرشەكە رانەگەیاندووە.