بەلەمێکی بچووک ژمارەیەک کۆچبەری هەڵگرتووە _ وێنە: رۆیتەرز.
یۆنان
بەلەمێكی كۆچبەران نوقم بوو، بەلای كەمەوە سێ كەس گیانیان لەدەست دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەستەی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، بەلەمێک کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو لە باشووری کریت نوقم بوو، بەلای کەمەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بە میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاند، رووداوەکە لە کاتێکدا روویداوە، کە بایەکی بەهێز لە نزیک دوورگەی بچووکی گاڤدۆس لە باشووری کریت روویداوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتییەکی فرۆنتێکس 56 کەسی رزگارکردووە، کە بەلەمەکەیان وەرگەڕاوە و سێ تەرمیشیان دەرهێناوە، گەڕان بەدوای کەسانی دیکەشدا بەردەوامە.
گاڤدۆس لەسەر رێڕەوێکی کۆچکردندایە کە قاچاخچییەکان بەکاریدەهێنن، کە لە بەندەرەکانی لیبیاوە بۆی دێن.
رۆژی دووشەممە لە هەمان ناوچە بەلەمێکی دیکە کە 28 کەسی تێدابوو، رێگری لێکرا و دەستگیر كران.
دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە لەم ساڵدا زیاتر لە هەزار و 700 کەس لە رێگاکانی کۆچکردن لە سەرانسەری دەریای ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقادا گیانیان لەدەستداوە، یان بێسەروشوێن بوون.