خورماتوو
سوپای عێراق داوای لێبوردنیان لەو گەنجە کوردە كرد كە هێرشیان كردبووەسەر
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
لە ڤیدیۆیەكی تایبەتدا كە بۆ 964 نێردراوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین سەردانی ماڵی ئەو گەنجەی كرد، كە سەربازەكانی هێرشیان كردبووەسەر بەهۆی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە لە خورماتوو، داوای لێبوردنیان لێكرد.
دوای ئەوەی نیوڕۆی ئەمڕۆ لە لایەن چەند سەربازێکی سوپای عێراقەوە، بەهۆی هەڵگرتنی ئاڵای کوردستانەوە لەگەنجێکی کورد درا و ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆێدا هێنا، دواتر فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی رۆژھەڵاتی سەڵاحەدین، “فریق روکن عەلی مالیکی” بەناوی سوپاوە داوای لێبوردنیان لە گەنجە کوردەکە و کەسوکاری کرد و سەردانیان كرد لە ماڵەوە.
ئەیوب ئیحسان ئەو گەنجەی هێرشی كرابووەسەر، بۆ 964 پشتڕاستی كردەوە، فەرماندەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین لەگەڵ تیمەكەی سەردانی ماڵەوەیان كردم و داوای لێبوردنیان كرد لەوەی روویداوە.
وتیشی، فەرماندەكە وتی ئێمە هێزێكی رێكخراوین و قبوڵ ناكەین ناومان بە خراپە بڕوا، بۆیە ئەو سەربازەی هێرشی كردووە، دەستگیر كراوە و لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكهاتووە و سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ لە كاتی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق، گەنجێكی كورد لە خورماتوو ئاڵایەكی كوردستانی بەدەستەوەبوو، لە لایەن ژمارەیەك سەربازی سوپای عێراقەوە هێرشی كرایە سەر و یەكێك لە سەربازەكان بە قۆنداغەی چەكەكەی لێیدا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا