50 خاوەن موەلیدەی ئەهلی غەرامە کران

964+
باقوبە (دیالە)

لە هەوڵێکی حکومەتی خۆجێی دیالە بۆ پابەندکردنی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان بە نرخی فەرمییەوە، 50 خاوەن مۆەلیدە لە باقووبە، بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی دیاریکراو لەلایەن حکومەتەوە، رەوانەی دادگا کران و بە بڕی یەک ملیۆن دینار غەرامە کران.

بەهۆی ناجێگیریی وزەی کارەبا و کەمیی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە باقووبە، مۆلیدە ئەهلییەکان بە سەرچاوەیەکی گرنگی پێدانی کارەبا لەهەموو ناوچەکانی باقوبە دادەنرێت، بە تایبەتی لە هەردوو وەرزی زستان و هاویندا.

عەبدوڵا ئەلحەیالی، قایمقامی قەزای باقوبە لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی 964 وتی
بەهۆی سەرپێچی و یاریکردن بە نرخی فەرمییەوە، زیاتر لە 50 خاوەن موەلیدەی ئەهلیمان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کردووە لەگەڵ سەپاندنی غەرامە بە بڕی یەک ملیۆن دینار، ئەم پارەیەش بۆ سەر خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

“ئێمە کار لەسەر کۆکردنەوەی غەرامەكان بۆ خەزێنەی پارێزگای دیالە دەکەین، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لێیان و بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش بەم نزیکانە و بە فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”، عەبدوڵا ئەلحەیالی وای وت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌وان هەموو مانگێک لیستێکی نوێ بۆ نرخی مۆلیدەکانی باقووبە و چواردەوری دادەنێن، هێڵی گەرمیان بۆ سکاڵای خەڵک داناوە، هەروەها لیستێکیان بە ناو و شوێنی مۆلیدە سەرپێچیکارەکانەوە بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، بە مەبەستی روونکردنەوە و پێشکەشکردنی راستییەکان بۆ رای گشتی.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا