بۆ ماڵەوماڵ چەترتان پێویست دەبێت

کەشی رۆژانی جەژن باراناوی و تەڕ دەبێت

شۆڕش قادری

لە ئێوارە سبەینێوە بارانبارین لە ناوچەکانی کوردستان دەستپێدەکات و بۆ رۆژانی جەژن و نەورۆزیش بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەگەر بەنیازی ماڵەوماڵن، چەترەکانتان بێننەدەر.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە 18.3.2026 ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور و ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت، پلەی گەرماش دوو پلەی دیکە بەرزتردەبێتەوە.

لە دوای نیوەڕۆی سبەینێوە کەشەکە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، دواتر و لە ئێوارەدا شەپۆڵێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانی کوردستان دەکات، لە کوێستانەکان و قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ئیدارەی زاخۆ و بەشێک لە ئیدارەی راپەڕین بارانبارین بەشێوەی نمە باران و هەندێ کات بارانی مامناوەند دەبێت و ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە.

لە باشووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکوک لە کاتەکانی شەودا رێژەی باران بارینی زیاتر دەبێت و بارانی بەلێزمە دەبێت.

کەشناسی پێشبینی کردووە، کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و لە رۆژی هەینی 20.3.2026 تا رۆژی یەکشەممە 22.3.2026 لەگەڵ بارانبارین خێرایی با زیاد دەبێت و لە هەندێک ناوچە ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرما بەپلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ؛

هەولێر: 18 پلەی سیلیزی

پیرمام: 14 پلەی سیلیزی

سۆران: 17 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 19 پلەی سیلیزی

دهۆک: 18 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی