دوا دەرفەتە بۆ ئەو کەسانەی پێشووتر نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن

ئەپڵیکەیشنی پسوڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنی بۆ ماوەی 10 رۆژی دیکە کارا کرایەوە

ژێوار خدر

بە مەبەستی هاوکاری کردنی ئەو هاوڵاتیانەی تا ئێستا خۆیان لە پسوڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنی تۆمار نەکردووە، بۆ ماوەی 10 رۆژ ئەپڵیکەیشنەکە کارا کرایەوە و  هاوڵاتییان دەتوانن بێ کێشە خۆیان تۆمار بکەن، و بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوڵەی خۆراكى هەولێریش دەڵێت، ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەوەی بەشە خۆراکی مانگانەیان نەفەوتێت.

سیامەند قادر، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رێكخستنی پسوڵەی خۆراكى هەولێر بە 964ـى وت،” لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 10.11.2025 ئەپڵیکەیشنەکە کارا کراوەتەوە، ئەمەش وەکو دەرفەتێک بۆ ئەو کەسانەی تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە”.

وتیشی، ئەپڵیکەیشنەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ و تا 20.11.2025 کارا دەبێت و هەر کەسێکیش گرفتی بۆ دروست بوو لە کاتی خۆ تۆمار کردندا، دەتوانێت سەردانی بەڕێوبەرایەتی رێكخستنی پسوڵەی خۆراكى هەولێر بکات و ئێمە لێرە هاوکارییان دەکەین و بەرچاو روونی پێویستییان پێدەدەین.