نزیکەی ٢٠ ساڵە بەرگدرووە و کتێبیشی لەبارەوە نوسیوە

ڤیدیۆ

میدیازان – هێڤی دیوالی – دهۆک

 بوشرا حسێن، ژنێکی ٤٤ ساڵەی دهۆکیە، ٢٠ ساڵە خەریکی دوورینی جل و بەرگی کوردی و بیانیە، ئەو تەنانەت کتێبێکی لەبارەی دیزاین و دوورین بەناوی “مقەستی زێڕین” بڵاوکردووەتەوە.

 بوشرا دەڵێت، ئەوە یەکەمین کتێبی کوردییە لەبارەی چۆنێتی دوورینی جلوبەرگ بەشێوەی ئەندازەگیری (قیاسات).

 بۆ ١٠ ساڵ دەچێت کە بوشرا کارگەیەکی بچوکی دامەزراندووە بە مەبەستی دوورینی جلوبەرگ، لەگەڵ خۆیدا سێ ژنی دیکەش کاردەکەن، ئەوە جگە لەوەی جار جار خولی دروومان بۆ ژنان دەکاتەوە.

 ئەو سەبارەت بە پیشەکەی دەڵێت، لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا خێزانەکەی یارمەتیدەر و پشتیوانی بوون.

 بوشرا لەبارەی کتێبەکەیەوە بە میدیازانی وت، کاتێک خەریکی دروومانی بووە، هەموو جارێک ئەندازەکانی بە تێبینی نوسیوە، دواتر بیری لەوەکردووەتەوە تێبینییەکانی خۆی گەورەتر بکاتەوە و بیکاتە کتێبێک، بۆ ئەوەش دوو ساڵی خایاندووە تاوەکو “مقەستی زێڕین” لەدایکبووە.

 کتێبەکەی پێنج مانگە بڵاوبووەتەوە، تاوەکو ئێستا ٥٠٠ کۆپی لە پارێزگای دهۆک لێفرۆشراوە، تایبەتمەندییەکی کتێبەکە ئەوەیە کیو ئاڕی تێدایە و خوێنەر دەتوانێت لە رێگەیەوە بچێتە سەر ڤیدیۆیەک لە یوتیوب بۆ ئەوەی بە کرداری فێری بابەتەکان ببێت، ئەمانە بە قسەی خۆی.