پێشتریش 10 هه‌زاریان دابه‌شی سه‌ر كێڵگه‌كان كردبوو

له‌ شنگال رێكخراوێك 25 هه‌زار نه‌مامى هه‌نجیر و هه‌نار و زه‌یتون دابه‌ش ده‌كات

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ شنگال رێكخراوێكی مرۆیی و ژینگه‌یی كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كات له‌م وه‌رزه‌دا 25 هه‌زار شه‌تڵى جۆراوجۆر له‌ سنوروه‌كه‌ى بڵاوبكاته‌وه‌، له‌و بابه‌تانه‌ى بۆ دابه‌شكردنه‌كه‌ش ده‌ستنیشانى كردوون جۆره‌كانى هه‌نجیر و هه‌نار و زه‌یتونه‌.

رێكخراوه‌كه‌، ماڵى پێكه‌وه‌ژیانه‌، كاره‌كانى له‌سنوورى قه‌زاى شنگال چڕكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، لەم وەرزەدا بەردەوام ده‌بن لە هەوڵەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی 25 هەزار نەمامی هەنجیر، هەنار و زەیتون به‌سه‌ر جوتیاراندا.

به‌ دروشمى “با شەنگال بکەینە بەهەشتی سەوز” ئه‌م چالاكیانه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

سێ رۆژ لەمەوبەریش لە چوارچێوەی پڕۆژیه‌كى هاوبەش لەگەڵ بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان UNDPـى عێراق و بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانیا KfW، 10 هەزار نەمامیان دابەشکرد بۆ بوژاندنەوەی 100 کێڵگە لە قەزای شەنگال به‌تایبه‌تیش بۆ جوتیارانى ناحیه‌ى شیمال.

رێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئامانجی پڕۆژەکە بەرەنگاربوونەوەی به‌ بیابانبوون و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایه‌، لە هەمان کاتدا پێشکەشکردنی رێنمایی کشتوکاڵی و پشتگیری تەکنیکی بۆ پێشخستنی کشتوکاڵی بەردەوام و پشتگیریکردنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی.