گەرمیان

نەبوونی پاسەوان ھۆڵێکی وەرزشی کردووە بە کەلاوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ماوەی سێ ساڵە ھۆڵی یانەی وەرزشی رزگاری بووە بە وێرانە، کورسی و دەرگا و پەنجەرەکانی شکێنراون، دروستکردنەکەی نزیکەی یەک ملیار دیناری تێچووە، بەڵام ئێستا بێناز کەوتوە و سێ ساڵە ھیچ یارییەکی تێدا ئەنجامنەدراوە.

ھۆڵەکە دەکەوێتە گەڕەکی ژاڵە لە قەزای رزگاری و ساڵی 2012 تەواوکراوە.

یادگار فەتاح، سەرۆکی یانەی وەرزشی رزگاری بە 964ى وت،”ھۆڵە داخراوەكە کەڵکی نەماوە، لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە ھەمووی شکێنراوەتە سەریەک، ئەمەش بەھۆی بێ پاسەوانییەوە”.

“دەرخستەی بۆ ئەنجامدراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی پێویستی بە زیاتر لە 40 ملیۆن دینارە، بەڵام پاسەوانی بۆ دابین نەکرێت نۆژەنکردنەوەی سوودی نییە و بەھەمان دەرد دەچێتەوە”، یادگار فەتاح وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، داوای دابینکردنی پاسەوانیان کردووە، بەڵام بەھۆی کەمیی پۆلیسەوە پێیان وتوون، ناتوانن بۆیان دابین بکەن، بۆیە ئەوانیش ھۆڵەکە نۆژەن ناکەنەوە تا پاسەوانی بۆ دابین نەکرێت.

لەمبارەیەوە جەمال ساڵح، قایمقامی قەزای رزگاری بەوەکالەت بە 964ى وت، “دەرخستەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی ھۆڵەکە ئەنجامداوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستدەکەین بە نۆژەنکردنەوەی ھۆڵەکە، دوای ئەوەش پاسەوانی بۆ دابین دەکەین”.

ساڵی رابردوو چەند گەنجێک بە تۆمەتی تێکدانی ئەو ھۆڵە درانە دادگا، لەبارەی چارەنووسی دۆسیەکەیان ھەریەک لە قایمقامی قەزای رزگاری و سەرۆکی یانەی رزگاری وتیان، “لەلایەن دادگاوە تا ئێستا ھیچ وەڵامێک نەدراوینەتەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە و نازانین کەس سزادراوە یان نا”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

نۆ ساڵە کارکردن لە هۆڵی وەرزشیی دهۆک وەستاوە

نۆ ساڵە کارکردن لە هۆڵی وەرزشیی دهۆک وەستاوە