ناوەندی قەزای کفری - وێنە: قایمقامیەتی کفری
بە پارەکەی پرۆژە ئەنجام دەدرێت
لەلایەن شارەوانییەوە زەوییە نایابەکانی کفری دەفرۆشرێن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
35 پارچە زەوی لە قەزای کفری کە جێگاکانیان نایابە و نرخیان گرانە، لەلایەن شارەوانی قەزاکەوە دەفرۆشرێن و بە پارەکەی پرۆژە ئەنجامدەدرێت.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری بە 964ـی وت، “رەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ فرۆشتنی 35 پارچە زەوی لەناو قەزای کفری، ئەو پارچە زەوییانەن کە بازرگانین یان جێگاکانیان نایابە و نرخیان گرانە”.
“لەرێگەی موزایدەوە پارچە زەوییەکان دەفرۆشین، ھەرچەند زیاتر بکات ئەوا بۆ ئێمە باشترە و کاری باشتری پێدەکەین”،عەلی خورشید وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە پارەی ئەو پارچە زەوییانە پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قەزاکە ئەنجام دەدەین، وەک ئاوەڕۆ و قیرتاوکردن و سەوزایی و کۆمەڵێک پرۆژەی دیکە.
ساڵی رابردوو بەھەمان شێوە 10 پارچە زەوی نایابی قەزای کفری لەرێگەی موزایدە فرۆشرا، بەڵام گومان لە شێوازی موزایدەکە ھەبوو، داواکاری گشتی فرۆشتنی ئەو پارچە زەیانەی راگرت.
لەوبارەیەوە سەرۆکی شارەوانیی قەزای کفری وتیشی، داواکاری گشتی داوای روونکردنەوەی کرد لەسەر فرۆشتنی ئەو 10 پارچە زەوییە، ئێمەش وەڵامی خۆمان داوەتەوە و تا ئێستا ھیچ گوڕانکاریەک نییە و وەڵام نەدراوینەتەوە لەلایەن داواکاری گشتی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی