ئاغای گەورە دەركەوتەوە
“پێشمەرگە و عەسكەری فیرار پێكەوە لە درامای ژاڵە شاییان دەكرد”
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
هونەرمەندی شانۆ و درامای كوردی شەماڵ عومەر، بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام لە كەركوك گەڕاوەتەوە شارەكە و چەند نهێنییەک لە بارەی دیمەنەكانی درامای بەناوبانگی ژاڵە ئاشكرا دەكات.
شەماڵ عومەر كە لە درامای ژاڵە رۆڵی ئاغای گەورەی هەیە، ئەمڕۆ بۆ 964 دوا و دەڵێت، درامای ژاڵە تایبەتمەندییەكی گەورەی هەبوو، بە تایبەتی لە سەردەمی شەڕ و دەسەڵاتی حزبی بەعسدا بوو.
باسی ئەوەش دەكات، “هێنانی كامێرا لە بەغداوە كارێكی زۆر قورس بوو”.
ئاغای گەورە ئاشكرای دەكات، “لە دیمەنی شاییەكە پێشمەرگە و فیراری عەسكەری و خەڵكی گوند پێكەوە شاییان دەكرد”.
درامای ژاڵە لە ساڵانی هەشتاكان بەرهەم هات و پێشكەش كرا، كە بینەرێكی زۆری هەبوو، یەكێكە لە ناودارترین دراماكانی تەلەڤزیۆنی كوردی و لە كەناڵی كەركوك پەخش كرا و باسی لە زوڵم و ستەمی ئاغا بەرامبەر بە جوتیار و هاوڵاتیانی گوندەكان دەكرد.
شەماڵ عومەر دەڵێت: لە ساڵی 1991 رۆیشتم بۆ وڵاتی نەمسا و لەگەڵ هاوسەرم نیگار حەسیب لەو وڵاتە نیشتەجێین، دوای دەیان ساڵ توانیم بگەڕێمەوە بۆ كەركوك بەمەبەستی بەشداریکردن لە شانۆی شەقام.
سبەی لە كەركوك نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام دەستپێدەكات و سێ رۆژ دەخایەنێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا