لەسەر رێگەی کەرکوک بۆ بەغدا

کچە خوێندکارێک لە کاتی چوون بۆ دەوام گیانی لەدەستدا

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

خوێندکارێک لەکاتی چوونی بۆ دەوام ئۆتۆمبێل لێی دەدات و گیان لەدەستدەدات، رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2.11.2025 لەسەر شەقامی سەرەکی کەرکوک – بەغدا لە سنوری خاڵس روویداوە.

پۆلیسی هاتوچۆ شانۆی رووداوەکەی کردووە و زانراوە، ئۆتۆمبێلێکە دەیکات بەژێرەوە و دەستەبەجێ گیانلەدەست دەدات.

موئەید عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی رێگا دەرەکییەکانی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، رووداوەکە لەکاتێکدا بووە، ئەو خوێندکارە ویستوویەتی بەرەو زانکۆ بچێت لەکاتی پەڕینەوەی لە شەقامی سەرەکی نێوان کەرکوک – بەغدا کە لەو دیوی رێگاکەوە ئۆتۆمبێلی گواستنەوی خوێندکاران چاوەڕێی بووە.

بەڵام لەکاتی پەڕینەوەدا، ئۆتۆمبێلێک بەتیژڕەوییەوە هاتووە و نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی خۆی بکات، بۆیە خۆی بەخوێندکارەکەدا کێشاوە و دەستبەجی گیانی لەدەست داوە.

خوێنکارەکە، کچە و خەڵکی قەزای خاڵسە و تەمەنی 20ساڵە، لە پەیمانگای تەکنیکی سەڵاحەدین خوێندویەتی، ئەو ئۆتۆمبێلەشی لە خوێندکارەکەی داوە راستەوخۆ خۆی رادەستی پۆلیسی قەزای خاڵس کردووە.