دیمەنی ئەرشیفی حاجیانی کورد لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی حەجدا _ وێنە: 964
زیاتر لە 80 هەزار کەس ناوى خۆى تۆمار کردووە
تا ناوەڕاستى ئەو مانگە؛ ناوى حاجیان تیروپشکى بۆ دەکرێت
964+
وریا فەتاح
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی تیروپشکی ناوی حاجییانی وەرزی حەجی ساڵی 2026، کە بڕیار بوو لە کۆتایی مانگی رابردوودا ئەنجام بدرێت، بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەی بەشێک لە پێشکەشکاران دواخراوە و چاوەڕێ دەکرێت تا ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکى بۆ 964 ناردووە، دەڵێت: “بەشێک لەو هاوڵاتیانەی کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، کەموکورتی لە مامەڵەکانیاندا هەبووە و تا ئێستا چارەسەریان نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی پرۆسەی تیروپشکەکە.”
ناونوسین بۆ حەجی 2026 لە مانگی ئابدا دەستیپێکرد و لە 27ـی ئەیلول کۆتایی هات، دواتر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاندبوو کە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا تیروپشکەکە ئەنجام دەدرێت.
ستونى جەختى کردووەتەوە، چاوەڕێ دەکەن تا ناوەڕاستی ئەم مانگە پرۆسەی تیروپشکەکە ئەنجام بدرێت و ناوی دەرچووان رابگەیەنن.
لەسەر ژمارەى ئەو کەسانەى ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ وەرزى حەجى 2026 نوسیوە، 964 پەیوەندى بە کاروان ستوونى کرد و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە،” زیاتر لە 80 هەزار کەس ناوى خۆى بۆ وەرزى حەجى 2026 تۆمار کردووە”.
ئاشکراشى دەکات، لەو ژمارەیە ناوى 5 هەزار و 135 کەس کە پشکى هەرێمى کوردستانە، بەشێوەى تیروپشک دەردەچێت.