تا ئێستا 600 نەمامیان چاندووە

گەنجانی کفری دەیانەوێت 10 کیلۆمەتر شەقام بە نەمام سەوز بکەن

964+

میلاد جەلال- گەرمیان

بەئامانجی زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە قەزاکەیاندا، ماوەی سێ هەفتەیە، نزیکەی 100 گەنجی کفری لە هەڵمەتێکی خۆبەخشانەدا دەستیان بە چاندنی نەمام کردووە,

رەوف عومەر، یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکان، بە 964ـی وت: “ماوەی سێ هەفتەیە نزیکەی 100 گەنجی قەزای کفری دەستمان بەم هەڵمەتە کردووە، نەمامەکان لەلایەن بەشی باخچەکانی قەزای رزگاری، رێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی، قائیمقامییەت و شارەوانیی کفرییەوە دابینکراون.”

بە وتەی رەوف، تا ئێستا توانیویانە 600 نەمام لە درێژایی 3 کیلۆمەتر شەقامدا بچێنن و جەختیش دەکاتەوە کە “بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکەیان بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە قەزای کفری.”

ئەو گەنجانە پلانیان هەیە 10 کیلۆمەتر لە شەقامەکانی کفری سەوز بکەن، کە پێویستی بە نزیکەی 2,000 نەمام دەبێت.

ئەو گەنجە خۆبەخشە ئاماژەی بەوەش کرد، “جگە لە چاندنی نەمامەکان، بیرمان لە ئاودانیشیان کردووەتەوە و سۆندەمان بۆ هەموویان راکێشاوە و بەشێوازی دڵۆپاندن ئاویان دەدەین.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح