تا درەنگانی شەو بەردەوامە
پێنجەمین فێستیڤاڵی دانولە لە بامەرنێ بەڕێوەدەچێت
+964
هیڤی دێوالی-دهۆک
پێنجەمین فێستیڤاڵی دانولە و بەرهەمی خوماڵی لە ناحیەی بامەڕنێ لە وەرزی پاییزدا بەڕێوەدەچیت، یەکێک لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەش دەڵێت، پێشبینی دەکەین پێنج هەزار هاوڵاتی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن و تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 31.10.2025، پێنجەمین فێستیڤاڵی دانولە بە چەندین بڕگەی هونەری، فۆلکلۆری و کولتووری و بەرهەمی خۆماڵی لە سەنتەری ناحیەی بامەڕنێ لە سنووری قەزای ئامێدی بەڕێوەدەچێت، چونکە ناحیەکە لە کۆندا بەناوبانگە بە دروستکردنی دانولە، چەندین ساڵە بەکومەڵ دروستی دەكەن، بەڵام ماوەی پێنج ساڵە بە فێستیڤاڵ دەکرێت و بە چەندین مەنجەڵی گەورە دانولە دەكوڵێنن.
دژوار ئەنوەر، یەکێکە لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بە 964ـی وت، بۆ ساڵی پێنجەمە فێستیڤاڵەکە لە سەنتەری ناحیەی بامەڕنێ لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشی بامەڕنێ بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی پێشاندانی کولتووری ناحیەکە و چۆنیەتی دروستکردن و کۆڵاندنی دانولە .
وتیشی، ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکە کردووە و چوار مەنجەلی گەورەیان لەسەر ئاگری دارەکان دانراوە، بەسەر زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتیدا دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بازاڕێکی بچووک، کە نزیکەی 20 خێوەتیان لێ هەڵداوە، بۆ جوتیارانی دەڤەرەکەیە و بەرهەمی خۆماڵی خۆیانی لێ نمایش کردووە و دەیفرۆشن، پێشبینی دەکەن زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن.
دانولە گەنمە و دەیكوڵێنن و راستەوخۆ دەخورێت، یان وشك دەكرێتەوە و دواتر لە ئاش دەكرێت بە ساوار، بڕووش، گەنمەكوتا و بەرهەمی تر.
ناحیەی بامەرنێ دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا