ماڵەکانیان بەر شەقام دەکەوێت
بەشێک لە دانیشتووانی فەرمانبەرانی کەلار داوای قەرەبوو دەکەن
میلاد جەلال – کەلار
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی فەرمانبەران لە کەلار گردبونەتەوە و دەڵێن،”بەبێ ئەوەی قەرەبوو بکرێینەوە کۆمپانیایەک ھاتووە بۆدروسکردنی شەقامێک و ئێمەش قبوڵ ناکەین”.
گەرمیان محەمەد، دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکەیە بە 964ـی وت، “پێشتر کۆمپانیایەک ھات ماڵی 5 دەفتەر قەرەبووی پێداین، بەڵام بەشێک لە ماڵەکان رازی نەبوون ئەو کۆمپانیایە وازی ھێنا، ئێستا کۆمپانیایەکی دیکە ھاتووە”.
“ھیچ کەسێک نەھاتووە بۆلامان بۆ قەرەبوو، بەبێ ئەوەی ئاگاداربین کۆمپانیاکە ھاتووە کاری دەستپێکردووە”،گەرمیان محەمەد وای وت.
ئاشتی محەمەد، یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە بە 964ى وت،”ئێرە چۆڵناکەین تا قەرەبوو دەکرێینەوە، ئەمڕۆ کارکردنی پرۆژەکەمان راگرت”.
پرۆژەکە دروست کردنی شەقامێکی 30 مەتریییە و لکاندنێتی بە چەند شەقامێکی دیکەوە و رێک ئەو ژمارە ماڵەی بەردەکەوێت و ئەوانیش داوای قەرەبووی ماددی دەکەنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی