"کەسێکیش برینداربوو"
لە بەحرکە موەلیدەیەک کارەساتی نایەوە؛ بارهەڵگرێک و چەند خانوویەکی سووتاند
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە قەزای بەحرکەی سەربە پارێزگای هەولێر، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و جگە لە زیانی ماددی زۆر، برینداربوونی کەسێکیشی لێکەوتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 29.10.2025 لە گەڕەکێکی بەحرکە، بارهەڵگرێک کە نەوتی بایەعی هاوڵاتیانی دەگواستەوە، ئاگریگرت و بەخۆیەوە دوو خانوو و دوکانێکی سووتاند.
جێگر واحید کە خانووەکەی لە ئاگرەکەدا زیانی بەرکەوتووە، بە 964ـی وت، “شۆفێری بارهەڵگرەکە سەرقاڵی بەتاڵکردنی نەوتی ماڵێک بووە، لەو کاتەدا کە ویستوویەتی موەلیدەکە هەڵبکات بۆ سەرخستنی نەوت بۆ سەربانی ماڵەکە، موەلیدەکە ئاگریگرتووە و تەقیوەتەوە”.
وتیشی، جگە لە زیانی ماددی زۆر، جەستەی شۆفێری بارهەڵگرەکەش سووتاوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری