"پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس دوو بەرچاوترین جۆری کونسوڵی یارین"
لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانە بازاڕی کونسوڵی یاری کز دەبێت
964+
دەشتی عارف – هەولێر
بازاڕی فرۆشتنی کونسوڵی یاری و یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەگەڵ کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان کز دەبێت و بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانیش لەو کاتانەدا کونسولەکانیان دەفرۆشن و بەمەش نرخەکەی دادەبەزێت.
دانا فەرهاد، فرۆشیارە و بۆ 964 وتی، لەگەڵ کرانەوەی وەرزی خوێندن یاری و ئایپاد و پایسکیل بازاڕییان کز دەبێت و فرۆشی دادەبەزێت، ئەوەش لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەوانەی کار بەو یارییانە دەکەن قوتابین، بۆیە لە وەرزی خوێندن ئەو شتانەیان لەبەردەست هەڵدەگیرێت تا خو بدەنە خوێندنەکەیان.
وتیشی، ئێستا خەڵکی لە وەرزی خوێندن کونسوڵەکانیان دەفرۆشن، بەپێچەوانەوە پێشتر هەڵیان دەگرت، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو ئامێرانە ئێستا ئەگەر ماوەیەکی زۆر کاری پێنەکرێت تێکدەچێت، هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەوە دەکرێ بێ موچەیی یان دابەزینی ئاستی خوێندنی منداڵەکە بێت.
باسی لەوەش کرد، زۆر جار باوک بە تەنیا هاتووە و یاری منداڵەکەی فرۆشتووە و وتوویەتی تا لە ماڵ دەرچووم منداڵەکەم گریاوە
“پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس دوو بەرچاوترین جۆری کونسوڵی یاریین، کە لە بازاڕەکانی کوردستان کڕین و فرۆشتنی پێی دەکرێت و گەورە و بچوک حەزی پێی دەکەن.” دانا فەرهاد وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر