هەیانە هەر وەریناگرێت

بازاڕی دراو لە هەولێر بە كەیفی خۆیان نرخی دۆلاری كۆن و دڕاو دادەنێن

964+

عەبدولعەزیز خالند

وەرنەگرتنی دۆلاری كۆن و گەچراو لە لایەن بازاڕی دراو و ئۆفیسەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، نیگەرانی دروست كردووە و جۆرێك لە نابەرپرسیارەتیی تێدا دەبینرێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی بازاڕی دۆلاری هەولێریش دەڵێت، پێویستە بانكی ناوەندی چارەسەری ئەم بابەتە بكات.

پەیامنێری 964 ئەمڕۆ یەكشەممە 26.10.2025 لە بۆرسەی هەولێر لەگەڵ كەیفی خۆشناو ئەندامی ئەنجومەنی بازاڕەكە قسەی كرد و ئەویش رایگەیاند، نرخی 100 دۆلاری كۆن و سپی و دڕاو، پێنج تا شەش هەزاری فەرقە لەگەڵ دراوێكی نوێ.

ئەوەی 964 تێبینیی كردووە، لە بەشێكی ئەو ئۆفسانەی بۆرسە و هەروەها ئەوانەی دەرەوەی بۆرسەش، كە دەكەونە ئیسكان و گەڕەكەكانی دیكە، دراوێكی دۆلار هەر كەمێك قنجرابێ، وروشابێ، یان بە ئاستەم دڕابێ، هەر وەریناگرن.

كەیفی خۆشناو وتی، راستە ئەمە هەیە، بەڵام كەس ئامادە نییە زەرەر بكات، بۆیە پێویستە بانكی كوردستان یان بانكی ناوەندی لە بەغدا چارەسەری ئەم كێشەیە بكات و دۆلاری كۆن و دڕاو لە هاوڵاتیان وەربگرێت و دراوی نوێیان پێبدات.

وەك ئەوەی تێبینیی كراوە ئەو مامەڵەیە بە دۆلاری ئەمریكی بووەتە كێشە بۆ هاوڵاتیان و بە نرخێكی كەمتر وەریدەگیرێت، كە لە هەندێك شوێن بۆ هەر 100 دۆلارێك جیاوازییەكە دەگاتە 25 هەزار دیناریش.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

نرخی دۆلار لە بۆرسەكانی كوردستان بەرزترین ئاستی تۆمار...

نرخی دۆلار لە بۆرسەكانی كوردستان بەرزترین ئاستی تۆماركرد