دەربەندیخان
ئاسنگەرێک داهێنانى کردووە؛ فڕنى بۆ سۆپاى دار دروستکردووە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
کە وەرزی سەرما و سۆڵە نزیک دەبێتەوە، ئیتر دانیشتوانی گوندەکان و بەشێک لە ناو شارەکانیش دەستدەکەن بە کڕینی سۆپای دار، وەستا ساڵح لە دەربەندیخانەوە بە توانا و سەلیقەى خۆى، داهێنانى کردووە و شێوەیەکى دیکەى بە سۆپاى دار داوە.
سەید ساڵح کە ئاسنگەرێکى تەمەن 66 ساڵە، نزیکەى 40 ساڵە بە کارى دروستکردنى سۆپا و ئاسنگەرییەوە خەریکە، وەک ئەوەى بۆ 964 باسى دەکات، دوو مانگە سەرقاڵى دروستکردنى سۆپای دارە بەشێوەیەکى داهێنەرانە، تەنانەت جێگاى فڕنیشى بۆ دروستکردووە.
“ئێستا وەک جاران نییە لە تەنەکە سۆپای دار دروستبکرێت، بەڵکو لە پلێتی سێ ملیم دروستی دەکەین کە زۆر بەھێزە، لەسەر مۆدێل و خواستی ھاوڵاتیان خۆیان دروستی دەکەین”،سەید ساڵح وای وت.
نرخى ئەو سۆپایانە کەوتووەتە سەر قەبارە و شێوەى دروستکردنى، لە 100 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە 300 دۆلار، وەک ئەوەى وەستا ساڵح باسى لێوە دەکات، لە رانیەوە تا بەغدا موشتەریان هەیە و بردویانە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح