رووداوی هاتوچۆ لە سلێمانی
ماتۆڕسوارێک گیانی لەدەست دا و شەش كەس بریندار بوون
964+
دیلان محەمەدجەزا
لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی و لە لای حەمامەكە، رووداوێكی هاتوچۆ گیانلەدەستدانی ماتۆڕسوارێك و برینداربوونی ئەندامانی خێزانەكەی لێكەوتەوە، كە شەش كەسن.
سامان نادر بەرپرسی راگەیاندنی فریاكەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە رووداوێكی هاتوچۆدا رەنج رۆڤەرێك و ماتۆڕێكی سێ تایە بەیەكیاندادا، لە ئەنجامدا ماتۆڕسوارەكە گیانی لەدەست دا، شەش كەسی دیكەش كە لە ناو عارەبانەی ماتۆڕەكە بوون، بریندار بوون و هەموویان ئەندامی یەك خێزانن.
وتیشی، ژنی ماتۆڕسوارەكە قاچی شكاوە و هەموو بریندارەكانیش گواسترانەوە نەخۆشخانە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا