کێبڵى دزیبوو
ئەو دزەی کارەبای 2000 ماڵی بڕی دەستگیر کرا
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
مانگى رابردوو، دوو تۆمەتبار لە شارى کەرکوک، کێبڵى سەرەکى کارەباى وێستگەى کارەباى دەروازەیان دزى و بەهۆیەوە دوو هەزار ماڵ بێ کارەبا بوون، بەڵام شەوى رابردوو جارێکى تر هەوڵى دزینەوە کێبڵێکى دیکە دەدەن و لەو کاتەدا یەکێک لە دزەکان دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەکى تایبەت لە بنکەى نەهێشتنى تاوانى پۆلیسى ئازادى کەرکوک بە 964ـى وت،”مانگێک بوو لێکۆڵینەوە و چاودێرى بۆ ئەو تۆمەتبارانە دەستى پێکردبوو کە کێبڵى کارەباى وێستگەى کارەباى دەروازەیان دزى، ئەوە بوو شەوى رابردوو لە کاتێکدا ئەو دزانە جارێکى تر هاتوونەتەوە بۆ دزینى کێبڵ، کەوتنە داوى پۆلیسى نەهێشتنى تاوان کە بەسەرپەرشتى عەقید نازم عارف رێکخرابوو، یەکێک لە دزەکان دەستگیرکرا”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، دزەکەى تر بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هەڵدێت، بەڵام ئەو دزەى دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کراوە و دانى ناوە بە تاوانەکەیدا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح