بڕیاری وەزیری ناوخۆیە
راهێنانی جەستەیی و هزری بە پۆلیسی بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ریفۆرم لە پۆلیسی کوردستان دەکات، ئەوەش بە گەشەدان بە توانای جەستەیی و هزری هەر یەکێک لەو کارمەندانەی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی و دۆخە سزاییەکان و رێکارە تاوانییەکان دەکەن رۆژانە.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 22.10.2025 لەگەڵ ئەو لیژنانە کۆبوویەوە، کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک و پەیکەر و شێوازی مامەڵە و راهێنان و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان راسپێردراون.
بە گوێرەی بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی ناوخۆ کە 964 بینوویەتی، وەزیری ناوخۆ لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاوڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان، کارەکانی بە گرنگ وەسف کردووە،وە باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس کردووە، بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە.
بۆ ئەو مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس هاوشان لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نوسینەوەی رێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە راسپێردراون.
وەزیر لیژنەی راسپاردووە، بیرۆکە و وردەکاری ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە رێگەی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و ورک شۆپ بەش بکرێت و را و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بە هەند وەربگیرێ، سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێ.
لەبارەی، پێویستی ئامادەکردن و راهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران، وەزیری ناوخۆ، ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی،و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆمەڵگەیی راسپارد بۆ رێکخستنی خول و راهێنانی بەردەوام.
پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکو یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان، و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کراوە.