مارک ساڤایا کێیە؟
ترەمپ وەستای حەشیشەکەی بۆ ناردین
964+
ژووری هەواڵ
هەمووی سەعاتێک دەبێت ترەمپ رایگەیاند کە مارک ساڤایای وەک نێردەی ئەمەریکا بۆ عێراق دەستنیشان کردووە، تیمی کنە و پشکنینی 964 لێی کۆڵییەوە دەرکەوت ساڤایا شارەزایەکی دیاری چاندنی ماریوانا (حەشیشە)یە لە ئەمەریکا.
ترەمپ لەسەر ترو سۆشیال نوسیبووی: ”بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم مارک ساڤایا نێردراوی تایبەتیمانە بۆ عێراق، تێگەیشتنی قوڵی مارک بۆ پەیوەندی عێراقی ئەمەریکی و پەیوەندیییەکانی لە ناوچەکە، لە بەرژەوەندی گەلی ئەمەریکا دەبێت. مارک کەسێکی سەرەکی بوو لە کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن لە میشیگان، ئەو و کەسانی تر وایانکرد ژمارەیەکی پێوانەیی دەنگدان تۆمار بکرێت لە نێوان ئەمەریکییە موسوڵمانەکان، پیرۆزە مارک”.
964 لە ئیشەکانی پێشووی مارک ساڤایای کۆڵییەوە بۆ ئەوەی بزانێت چ کارە بووە، ئەوەی سەرنجی راکێشا ئەو بەشەیە کە پەیوەندی بە چاندی حەشیشەوە هەیە.
لە راپۆرتێکی فۆکس نیوز کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020، باسی ئەوە دەکات مارک کۆمپانیایەکی هەیە بۆ چاندنی مەریوانا ”بۆ کات بەسەربردن و چێژ بینین”.
مارک لەوێ دەڵێ ”بۆ ئەوەی خەڵک لەملاولا دەستی نەکەوێت، ئێمە تۆوەکەی بە خاوێنی دەچێنین و ئاگامان لێیەتی”.
کەناڵەکە زۆر بە شان و باڵی ئەم ئیشەدا هەڵیداوە و دەڵێ بۆ ئابووری ئەمەریکا باشە. لە چەند شوێنێک ساڤایا خۆی وتاری لەسەر ئەمە نوسیوە و باسی برەو و گرنگی چاندنی مەریوانا دەکات کە خۆی خەریکیەتی و دەڵێت سوودەکانی زۆرن.
چاندن و بەکارهێنانی مەریوانا لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا و چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا بە یاسا رێگەی پێدراوە، یەکێکیان ویلایەتی میشیگانە، ئەو ویلایەتەی مارک ساڤایای تێدایە.