توێژینەوەیەكی نوێ:
چای رەش كۆلیسترۆل و فشاری خوێن دادەبەزێنێت و دژی شەكرەشە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
توێژینەوەیەكی نوێ دەریدەخات خواردنەوەی رۆژانەی چای رەش، نەک گەرمی و ئاسوودەیی دەبەخشێت بە جەستە، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی دڵ و باشترکردنی تەندروستی بۆرییەکانی خوێن.
هەروەها دەریانخستووە چای رەش یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن و باشترکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ دەدات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە، هەروەها رێژەی شەکری خوێن رێکدەخات و رێگری لە نەخۆشی شەکرە لە جۆری دووەم دەکات.
د.دکتۆر تیم بۆند پسپۆڕ و ئەندامی لیژنەی راوێژكاریی چا، ئاماژەی بەوەداوە، کە پۆلیفینۆلی فلاڤۆنۆید کە پێی دەوترێت فلاڤان-3-ئۆلز و لە چای رەشدا هەیە، رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی چا لەسەر فشاری خوێن و تەندروستی دڵ و مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک و شەکرە.
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم پێکهاتانە رەنگە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان تا 19% کەمبکەنەوە و ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە رێژەی 13% کەمبکەنەوە.
باسی ئەوەش دەكات، “کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی پێشنیاری خواردنی 400-600 میلیگرام فلاڤان-3 ئۆلز دەکات رۆژانە، بۆ باشترکردنی تەندروستی دڵ، کە یەکسانە بە چوار کوپ چا لە رۆژێکدا”.
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی چا بە شێوەیەکی رێکوپێک- یەک بۆ چوار کوپ لە رۆژێکدا- بەشدارە لە دابەزاندنی پەستانی خوێن و باشترکردنی کارکردنی خوێنبەرەکان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، هەروەها رێژەی فلاڤۆنۆید لە چای رەشدا ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش کەمدەکاتەوە و یارمەتی رێکخستنی ئاستی گلوکۆز و ئەنسۆلین لە خوێندا دەدات، کە بۆ تووشبووانی شەکرە و پێش شەکرە زۆر پێویستە.
دکتۆر بۆند جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئایدیاڵ خواردنەوەی 3-4 کوپ چایە لە رۆژێکدا بۆ بەدەستهێنانی 400-600 میلیگرام ماددەی فلاڤان-3-ئۆلز ، کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و فشاری دەروونی لە جەستەدا، لەناویاندا سیستمی دڵ و خوێنبەرەکان، ئەمەش وایکردووە چا خواردنەوەیەکی رۆژانەی بەسوود بێت بۆ تەندروستی گشتی.