وێنەی ئەو تیشکەی بۆ تۆمەتبارەکە گیراوە و ماددەی هۆشبەر لە گەدەی شاردراوەتەوە
پۆلیسی ئیستەنبۆڵ دەستگیریان كرد
433 گرام ماددەی هۆشبەر لە ناو “گەدە”ی بوو
ئەرسەلان عەبدوڵا
پۆلیسی ئیستەنبوڵ ئەمڕۆ هەینی، بە رێکەوت کەسێکیان دەستگیرکرد کە 433 گرام ماددەی هۆشبەری لە سکیدا و لە ناو گەدەیدا شاردبووەوە.
لەکاتی ئەنجامدانی دەوریەیەکی رۆتینی لەسەر رێگایەکی خێرا، پۆلیسی ئیستەنبوڵ لە ناوچەی ئەکسەرای تووشی کەسێک بوون، کە ئۆتۆمبێلی لێدەخوڕی، بەڵام هەوڵیدا هێڵەکانی بگۆڕێت و کاتێک پۆلیس بینیویانە بە شێوەیەکی گوماناوی مامەڵە دەكات، گومانیان لێكردووە و دەستگیریان كرد.
بە گوێرەی وردەكارییەكان، كە میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، كابرا تەمەنی 20 ساڵە و گەنجە، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و دواتر تیشكی بۆ گیراوە لە نەخۆشخانە و دەركەوتووە ماددەی هۆشبەری لە ناو گەدەیدا شاردووەتەوە.
میدیای توركیا دەڵێن، گەنجەكە 101 پارچەی لە ماددەی میتامفیتامین لە گەدەیدا بووە، كە بە هەمووی كێشی 433 گرام بووە.
كابرا گیراوە و بە فەرمی رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر و بەمزووانە دەدرێتە دادگا.