فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى
بەپێچەوانەشەوە
کەمتر لە 20 رۆژى تر؛ گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ تورکیا دەستپێدەکاتەوە
964+
وریا فەتاح
دواى هەڵگرتنى سزاکانى سەرى، بڕیارە رۆژى 3.11.2025، گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ تورکیا، دەستپێبکاتەوە.
پێگەى ئەلاسکا هۆڵیدەى وێراى پشتڕاستکردنەوەى دەستپێکردنەوە، ئاشکراى کردووە کە یەکەم گەشت لە رۆژى 3.11.2025 دەبێت.
دەشڵێت: هەموو رۆژانی (شەممان ، دووشەممان ، سێ شەممان ، هەینی ) گەشتتیان دەبێت.
رۆژى 9.10.2025، سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، هەڵگرتنى سزاکانى سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى راگەیاند کە لەلایەن تورکیا خرابویە سەرى.
رۆژى 3ـى نیسانى 2023، هێڵى فڕۆکەوانیى تورکیا، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى لە راگرتنى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى هێڵى فڕۆکەوانیی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکەی ئاگادار کردەوە، دواتریش حکومەتى تورکیا بڕیاری دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات، کە بیەوێت لە تورکیاوە گەشت بۆ سلێمانی بکات.
سەرەتا بۆ ماوەى مانگێک گەشتەکان راگیران، بەڵام دواتر دوو جاریکى دیکە گەشتەکان درێژکرانەوە، لە جارى یەکەمدا بۆ 10ـى تەمموزى 2023 و لە جارى دووەمیش بۆ 22.6.2024 قەدەغەکە درێژکراوەتەوە.
جارى سێیەمیش، تا 7.12.2024، درێژکراوەتەوە.
جارى چوارەم لە 6.1.2025، تورکیا قەدەغەى گەشتەکانى تاکو شەش مانگى دیکە درێژکردەوە.
پێشتر لە 29.9.2017 و دواى ریفراندۆم، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانى بەڕووى هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر و سلێمانیدا داخست، دواتر لە تەممووزی 2018 توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێری هەڵگرت، بەڵام گەمارۆى سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکرایەوە و 16 مانگ دواتر قەدەغەکە هەڵگیرا.
بەم شێوەیە لە 2017ـەوە تا ئێستا، جگە لە وەستانى گەشتەکان بەهۆى کۆرۆناوە، زیاتر لە 46 مانگ تورکیا ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى سلێمانیدا داخستووە.
پێشتر بەرپرسانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلیمانى لە میدیاکانیان راگەیاندبوو، بەهۆى وەستانى گەشتەکانى تورکیا 36%ـى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى کەمیکرد و رۆژانە 15 هەزار دۆلار زیانى هەبووە.