"بۆیاخچی بوون و فڵچەکەیان بەر کێبڵی کارەبا کەوتووە"
لە زاخۆ دوو کرێکار کارەبا گرتنی و 25٪ـی جەستەیان سووتا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە زاخۆ دوو کرێکار کە بۆیاخی ماڵانیان دەکات، لە کاتی کارکردن کارەبا گرتنی و 25٪ـی جەستەیان سووتا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15.10.2025 دوو کرێکار لە گەڕەکێکی زاخۆ دیواری خانوویەکیان بۆیاخ دەکرد، فڵچەکەیان بەر تێلی کارەبا کەوتووە و بەتەزووی کارەبا برینداربوون.
جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـی وت، “دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوەکە دەستبەجێ تیمێکمان چووە شوێنەکە، چارەسەری سەرەتاییان بۆ کردن و رەوانەی فریاکەوتنی زاخۆ کران”.
لەوبارەیەشەوە ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ بە 964ـی وت، “لە فریاکەوتنی زاخۆ ئەوەی پێویست بوو، بۆیان کرا، بەڵام 25٪ـی جەستەیان سووتابوو، بۆیە رەوانەی بەشی سووتاوی لە نەخوشخانەی دهۆک کران”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری