رێگاسازى و ئاوه‌ڕۆن

خێر و به‌ره‌كه‌ت رووى له‌ كفرى كردووه‌ و چوار پرۆژەى لێ ئەنجام دەدرێت


میلاد جەلال – گەرمیان

قه‌زاى كفرى خێر و به‌ره‌كه‌ت بۆ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌كان رووى تێكردووه‌، بڕیاره‌ چوار پڕۆژه‌ى بۆ جێبه‌جێ بكرێت و سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت، لەم رۆژانە تەندەرینیان بۆ دەکەین و دواتر دەست بەکارکردن دەکرێت.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری بە 964ى وت،”وەزارەتی دارایی رەزامەندی داوە بە جێبەجێکردنی چوار پرۆژەی رێگاسازی و ئاوەڕۆ بۆ چوار گەڕەکی قەزای کفری”.
وتیشی “پرۆژەکان بریتین لە قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکی شەھیدان، ئاوارەکان و ھەواری نوێ کە ھەرسێکیان دوو سایدن و درێژی ھەر شەقامێکیان نزیکەی کیلۆمەترێکە، لەگەڵ ئاوەڕۆی گەڕەکی فەرمانبەران”.
پڕۆژه‌كان، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی ئەنجام دەدرێت، نزیکەی دوو ملیار دینار بۆ ھەر چوارپرۆژەکە تەرخانکراوە، دوای ئەنجامدانی تەندەرین دەست دەکرێت بە کارکردن تێیاندا.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن