"نیو سەدەیە باخەکانی تێرئاو کردووە"

کانی هەنجیر؛ گەورەترین کانی ناحیەی باسرمە چۆڕەبڕ بوو

964+

ژووری هەواڵ

کانی هەنجیر؛ کانییە بەناوبانگەکەی ناحیەی باسرمە لە قەزای هەریر کە 50 ساڵە بە ئاوە زوڵاڵەکەی باخەکانی سنوورەکەی تێرئاو کردووە، چۆڕەبڕ بووە و کاربەدەستانی ناوچەکەش هانایان بۆ حکومەت بردووە و داوا دەکەن چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە.

کانی هەنجیر دەکەوێتە بناری چیای شەکرۆکە، نزیکەی 200 جوتیاری 13 گوند پشتیان بەو کانییە بەستبوو بۆ ئاودانی باخ و باخاتیان، بۆیە بە وشکبوونی خەم دایگرتوون و دەڵێن، تووشی زەرەرێکی زۆر دەبن.

دلێر شیناوەیی، موختاری گوندی شیناوەیە و بە 964ـى وت،”لە هاوینی ئەمساڵدا هێواش هێواش ئاوی کانییەکە کەمی کرد تا هاتە ئاستی ئەوەی ئیتر بە ئەستەم بتوانین ئاوی لێ بەدەست بخەین، داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە چارەسەری هەمیشەییمان بۆ بکەن بۆ ئەوەی دانیشتوانی گوندەکان زیانی زیاتر نەکەن”.

لەبارەی چارەسەری ریشەیی بۆ ئەو کێشەیە، پرسیارمان لە رەزا ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە کرد و بەم شێوەیە وەڵامی 964ـى دایەوە، “زۆربەی خەڵکی دەڤەرەکەمان سەرقاڵی بێستانکردن و باخەوانین، بۆیە بێگومان بەدوای جێگرەوەداین و داوامان کردووە لەلایەن حکومەتەوە دوو بیرمان بۆ لێ بدرێت وەک جێگرەوە، بەڵام ئەگەری هەیە ئەمە بۆ ساڵی داهاتوو بخرێتە جێبەجێکردنەوە، لە ئێستاشدا هەوڵدەدەین بە ترۆمپای کارەبایی کەم کەم ئاوی لێ دەربهێنین”.

ناحیەی باسرمە دەوڵەمەندە بە بەربومی کشتوکاڵی، بەتایبەتیش بەروبوومی دێمەکار بەشی هەرەزۆری دانیشتووانەکەی سەرقاڵ کردووە، بۆیە ئەو کەرتە کاریگەری زۆری ھەیە لەبەرزکردنی داھاتی تاکەکەسی سنوورەکە، هەر لەبەر ئەوەشە، پرسی ئاو و چارەسەرکردنی کەمئاوی لەو دەڤەرە بە گرنگییەوە سەیر دەکرێت.

تۆڕی ئاو بۆ گوندێكی باسرمه‌ راده‌كێشرێت و سه‌رچاوه‌...

تۆڕی ئاو بۆ گوندێكی باسرمه‌ راده‌كێشرێت و سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌ كانییه‌وه‌ ده‌كرێته‌ بیر