هاوڵاتیانی پەرێشان کردووە

شارەزوور کەمئاوە و ئاوەکەشی سەوزە و قەوزەی تێدایە

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دابەزینی ئاستی ئاو کاریگەری لەسەر سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بێستانسور کردووە، سەرچاوەکە ئاوی خواردنەوەی قەزای شارەزوور و هەردوو ناحیەی عەربەت و زەڕایەن و کەمپی ئاوارەکانی رۆژهەڵات و گوندەکەش دابین دەکات.

جا بە نسبەت شارەزوورەوە هەر کەمئاوی نییە، لەوە خراپتر بە قسەی هاوڵاتیان، ئاوەکەیان سەوزە و قەوزەی زۆری تێدایە و هەندێک جار مشکی تۆپیویشی تێدایە.

شیروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بە 964ـی وت، ئاو لە تەواوی سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە قەزای شارەزوور و هەردوو ناحیەی عەربەت و زەڕایەن، لەگەڵ کەمپی ئاوارەکان، ئاوی گوندی بێستانسورە، کە ئێستا بەهۆی دابەزینی ئاو لە سەرچاوەکە، وەک پێشوو ناتوانرێت ئاو بۆ ماڵان هەڵبکرێتەوە و بەسەریاندا دابەش بکرێت، هەموو سەرچاوەی ئاوی بێستانسور کە سێ پڕۆژە و چەند بیرێکە،  تەنیا %20ـی تێدا ماوە، ئەمەش وایکردووە پێدانی ئاو بە ماڵان کەم بکرێتەوە بۆ دوو کاتژمێر و لە هەفتەیەکدا دوو جار.

“بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاو زۆر دابەزیوە، تیشکی خۆر لە بنی سەرچاوەکە دەدات، بۆیە هەندێک جار قەوزە دەکات، یان ڕەنگی ئاوەکە دەگۆڕێت ، بەڵام  ئەمە هیچ زیانێکی بۆ تەندروستی هاوڵاتیان نییە و دەتوانن بێخەم ئاوەکە بەکاربێنن، لەهەوڵیشداین کە ئەو بیرانەی لە سەنتەری قەزاکە و ناحیەکاندا هەن، بیانخەینەوە کار، بۆ ئەوەی سوودیان لێوەربگیرێت و هاوڵاتیانی شارەزوور بێ ئاونەبن”، شیروان جەمال وای وت

بێخاڵ عەلی، هاوڵاتییەکی گەڕەکی سورێنە لە قەزای شارەزوور، بۆ 964 وتی، “نزیکەی دوو مانگە بەردەوام لەگەڵ هەڵکردنەوەی ئاوەکە بۆمان، قەوزە و پووشی تێدایە، جگە لەوەش پارچەی ئاژەڵی تۆپیوی تێدایە، ئەوەی توانای دارایی باشە ئاو دەکڕێت و ئەوەشی وەک ئێمە توانای نەبێ، بە ناچاری دەبێت ئاوەکە بەکاربێنین، هەر بەو ئاوەش چێشت دروست دەکەین و لێی دەخۆینەوە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

پشکنین بۆ پاک و پیسی ئاوی سێ گەڕەکی هەولێر دەکرێت

پشکنین بۆ پاک و پیسی ئاوی سێ گەڕەکی هەولێر دەکرێت