پەیامنێرمان؛ تیمەکان پشکنینی بۆ دەکەن
راگرەکانی کاولۆکان چاککرانەوە بەڵام ئەمڕۆ ناکرێتەوە
964+
ئاکام غەفوور – رواندز
ئەمڕۆ دووشەممە، کارەکانی چاکردنەوەی راگرە شکاوەکەی کاولۆکان کۆتایی هات و سەرجەمی چاککرایەوە، پەیامنێری 964 لەوێ بوو کاتێک کۆتا پلێتیان دادەنا لەسەر پردەکە.
رۆژی شەممە 11.10.2025 پردی گەورەی کاولۆکان لەسەر رێگای رواندز – سۆران لە ناوقەدەوە درزی برد و چەند پلێتێکی داکەوتن و رێگاکە داخرا.
ئەمڕۆ سەرپەرشتیارانی چاککردنەوەی پردەکە بە پەیامنێرمان ئاکام غەفووریان وتووە، ئەمڕۆ پردەکە ناکەنەوە، بەڵکو پشکنینی تەواوی بۆ دەکەن و دڵنیابوونەوە لە بەکارهێنان بۆ شۆفێرانی سەلامەتە، کاتی کردنەوەی رادەگەیەنن.
پێشتر، خۆسرەت سادق بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران بە 964ـی وت، کۆمپانیایەکی تایبەت هاتووە بۆ چاککردنەوەی پردەکە، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە بۆری ئاوی خواردنەوەی گوندی کاولۆکان و کێبڵی ئینتەرنێتیش بە ژێر پردەکەدا تێدەپەڕن، ئەمەش کارەکەی بۆ تیمەکانی ئێمە قورستر کردووە.
وەک باسی کرد، لە چەند رۆژەی دواییدا و بەهۆی داخستنی رێگای گەلی عەلی بەگ و جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاری، پردە گەورەی کاولۆکان لۆدی بارهەڵگرەکانی لەسەر بووە و هەر ئەوەش هۆکاری شکانی پردەکە بووە.
لەبارەی قۆناغی چاککردنەوەی ئاسایکردنەوەی رێگاکە، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران خۆسرەت سادق داوای لە شۆفێری بارهەڵگرەکان کرد، بە نۆرە بەسەر پردەکەدا تێپەڕن، بۆ ئەوەی کێشەی لەو جۆرە روونەداتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا