سەرەتایترین خزمەتگوزاریەکان نەگەشتۆتە لایان
دوو گەڕەکی ئاکرێ پەراوێزخراون
964+
ژووری هەواڵ
دانیشتووانى دوو گەڕەکى ناوجەرگەى قەزاى ئاکرێ، بۆنى ئاوەڕۆ هەراسانى کردوون ، وەک باسى دەکەن هاوینان تەپوتۆز و زستانان قوڕ و لیتە بووە بەبەشێک لە ژیانیان.
ئەو دوو گەڕەکە بە ناوەکانی شۆڕش و ئالەیی کە لە گەڕەکە دێرینەکانی شارەکەن و بە هەژارنشین ناویان دەرکردووە، دلێر سەمەد کە دانیشتوی گەڕەکی شۆڕشە بە 964ـی وت،”لە ساڵی 2013ـەوە هیچ خزمەتگوزارییەک لە گەڕەکەکەمان نەکراوە، هاوینان بۆنی ئاوی پیس و تەپوتۆز و زستان لافاو و قوڕ و لیتە ژیانی تاڵ کردوین.
“تەنانەت کەرتی تایبەتیش ئێمەی پەراوێز خستووە، بۆ نموونە هێڵە گشتییەکانی ئینتەرنێتیش ئامادە نین بە پارەی خۆمان هێڵەکانیان بهێننە گەڕەکەکەمان “، دلێر سەمەد واى وت.
ئەو دوو گەڕەکە زێدەڕۆن، بەوتەى دلێر سەمەد هەر ئەوەش هۆکارە کە ئیدارەى قەزاکە خزمەتگوزاریان بۆ دابین نەکات، بەڵام لە ساڵی 2019ـەوە بەڵێنی تاپۆکردنیاندا و دواتر هەموو شتێک بە بێ دەنگی مایەوە کەواتە با خۆیان چارەسەرێكی تەواوەتی بابەتەکە بکەن.
موشیر ئەحمەد، موختاری گەڕەکی ئاڵەیی بەشێنەیی گلەیەکانی گەیاند و شوکر و رازی دیاربوو و بە 964ی وت،” بۆ خوا قسە بکەین و بێ ویژدان نەبین ئیش کراوە بەس جاری ئیشی زۆریش ماوە بیکەن، زیاتر لە 30 ساڵە ئێمە چاوەڕێی تەواوی خزمەتگوزاریەکانین بە تایبەت ئاوەڕۆ، وای لێهاتووە خەڵکی تەواوی ئاکرێ هەراسان بووە لەبەر بۆنی ئەم دوو گەڕەکە”.
هەرچی سەرۆکی شارەوانی ئاکرێش بوو بە 964ـى وت،”لە ئێستادا ناتوانم قسە لەبارەی ئەم بابەتەوە بکەم”.