گەنجێکی هەولێر پاشماوەی دار و تەختە بەکار دەهێنێتەوە
“داری خۆمانە لە رووی دەمار و رەنگەوە دەوڵەمەندە”
964+
رێباز خدر
عەلی سابیر، گەنجێکی دانیشتووی شاری هەولێرە، ماوەی 11 ساڵە پاشماوەی دار و تەختە و پالێت و کۆدەکاتەوە و پاشان جارێکی تر بەکاریاندەهێنێتەوە و کەلوپەلی ناوماڵ و مۆبیلیات و دیکۆری لێ دروست دەکات.
گەنجەکە بەهرەمەند و دەستڕەنگینە و بۆ 964 باسی ئەوەی كرد، ئەو کارەی وەک خولیا و حەز دەكات و وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی نایكات.
وتیشی، “خۆم کارمەندم لە یەکێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان، بەڵام لەم رێگایەوە هاوکاری کەسوکاری خۆم و هاوڕێکانم دەکەم و بێ بەرامبەر کەلوپەلەکانیان بۆ دروست دەکەم”.
هەروەها باسی ئەوە دەكات، داری خۆمانە كە دەیبڕنەوە، بە كاری دەهێنێت، لەوانە دارەكانی گوێز، توو، بەڕوو و بی، كە پێی وایە داری خۆمانە لە رووی دەمار و رەنگەوە زۆر دەوڵەمەندە و دەتوانرێت كاری جوانی لێ دروست بكرێت.
عەلی دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزییە و خاوەنی چەناڵێکی تایبەتی خۆیەتی لە یوتیوب، کە تێیدا ڤیدیۆی تایبەت بە کارەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا