لە ئیدارەی راپەڕین
کۆمەڵێک گەنج پێداویستی قوتابخانە دەبەن بۆ گوندەکان
964+
ژووری هەواڵ
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کۆمەڵێك لە خەڵکی خێرخواز و خواپێداو هاوکاریەکانیان دەگەیەننە دەستی ژمارەیەک گەنج، ئەوانیش خۆبەخشانە سەردانی گوندەکان بەگشتی و بەتایبەت ئەوانەی دورەدەستن دەکەن و دڵی منداڵان بە پێدانی پێداویستی قوتابخانە خۆش دەکەن.
ئەمساڵیش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەستی پڕ خێر و بەرەکەتی خواپێداوەکان و ئەو گەنجە خۆبەخشانە گەشتۆتە گوندەکانی سونێ ،کانی ماران، گردجان، قەمتەران و ژمارەیەک گوندی تر؛ وەک ئەوەی باسی دەکەن، ئەوەی زیاتر مەبەستیانە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکانن.
پشتیوان عەزیز ، یەکێک لە ئەندامانی ئەو گروپە بە 964ـى روت، ” تەنیا دوێنێ لە گوندی سونێی قەزای پشدەر 50 خوێندکار پێداویستی بۆ دابینکراوە، پێداویستیەکان خۆیان دەبیننەوە لە بابەتە پەڕاوگەییەکان و جانتا و چەند کەلوپەلێکى تر”.
“جگە لە گوندەکانى ئیدارەى راپەڕین، لە گوندە دوورەدەستەکانى هەڵەبجە و بازیان و ناوچەی جیاوازەکان هەمان چالاکیمان هەبووە، ئامانجمان ئەوەیە بگەینە زۆرترین ئەو منداڵانەی لە گوندەکاندا ناتوانن پێداویستیەکانیان دابین بکەن”، پشتیوان عەزیز واى وت.
جەختیشى کردەوە، تەواوی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و بەپێی ئەو توانایەی لەدەستیاندایە دەیانەوێت زۆرترین منداڵی گوندنشین و کەم دەرامەت سودمەند بێت.
بەپێى ئەو وێنانەی پشتیوان عەزیز بۆ 964ـى ناردووە، لەگەڵ پێدانی پێداویستیەکان، منداڵەکان لە سیمایاندا شادی و دڵخۆشیەکی زۆریان پێوە دیارە.