ئەمریكا
تەقینەوەیەك روویدا و 19 كەس بێ سەروشوێنن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
میدیاکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی بڵاویانكردەوە، لانیکەم 19 کەس كوژران و بێسەروشوێن بوون لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی تەقەمەنی سەربازی لە ناوچەیەکی گوندنشینی ویلایەتی تێنیسی.
دەسەڵاتداران و دانیشتووانی ناوچەكە دەڵێن، تەقینەوەکە ماڵەکانی چەند کیلۆمەتر لە دوورییەوە هەژاندووە و کارمەندانی فریاگوزاری رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە.
بەرپرسێكی پۆلیسی ویلایەتی تێنیسی دەڵێت، تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی تەقەمەنی سەربازیدا چەند کەسێکی کوشت و بێسەروشوێن بوون، لەکاتێکدا ئەوانەی زوو گەیشتنە شوێنەكەش، دەڵێن تەقینەوە لاوەکییەکان رزگارکەرانی ناچار کردووە لە شوێنی ئاگری تەقینەوەكە دووربکەونەوە.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی پۆلیسی هێكمان، تەقینەوەکە لە سیستمی وزەی ئەکورات لە نزیک شارۆچکەی باکسنۆرت روویداوە کە نزیکەی 97 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای ناشڤیلەوە دوورە.
لە پۆستێکی سۆشیال میدیاشدا، نووسینگەکە داوای لە خەڵک کردووە خۆیان لە ناوچەکە بەدوور بگرن بۆ ئەوەی رێگە بە کارمەندانی فریاگوزاری بدەن ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن.
کۆمپانیاکە تایبەتمەندە لە پەرەپێدان و دروستکردن و مامەڵەکردن و هەڵگرتنی بەرهەمی تەقەمەنی بۆ بازاڕەکانی سەربازی و ئاسمانی و بازرگانی.
دەیڤید ستیوارت، تەکنیکاری پزیشکی فریاگوزاری لە ناوچەی هێکمان لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، هێشتا کارمەندانی فریاگوزاری نەیانتوانیوە بچنە ناو شوێنەکە بەهۆی بەردەوامی تەقینەوەکانەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ وردەکارییەکی نییە لەسەر ئەوەی کە ئایا کەسێک بریندار بووە یان نا.
دانیشتووانی شارۆچکەی لۆبێلڤیل، کە زیاتر لە 20 خولەک بە ئۆتۆمبێل لە کارگەکەوە دوورن، رایانگەیاندووە هەستیان بە لەرینەوەی ماڵەکانیان کردووە و هەندێک کەسیش بە کامێرای چاودێریی ماڵەکانیان، تەقینەوەکەیان تۆمارکردووە.