مام عەوڵای کۆیە
بە منداڵی گوێمان لێدەگرت و ئێستا گۆرانی بۆ منداڵەکانمان دەڵێ
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
بە منداڵی گوێمان لێدەگرت و ئێستا گۆرانی بۆ منداڵەکانمان دەڵێ، مام عەوڵا 25 ساڵە گۆرانی بۆ منداڵان دەڵێ و ماندوو نابێ، کارێک کە نموونەیەکی جیاوازی نیشان داوە لە بەردەوامی.
سەڵاح محەمەد ناسراو بە مام عەوڵا لە ساڵی 2000ـەوە دەستی بە گۆرانی منداڵان کردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە وەک خۆی دەڵێ تا تەمەنم و توانام رێگەم پێبدا بەردەوام دەبم.
مام عەوڵا ئەمشەو 9.10.2025 بۆ ئاهەنگێکی منداڵان لە پارکی فاتیح رەسوڵ بوو لە کۆیە، منداڵان بە جۆشەوە گۆرانیەکانیان لەگەڵ دەوتەوە، ئەو بۆ مایکی 964 دوا و وتی، کە ساڵی 2000 یەکەم گۆرانی منداڵانم وت و پێشوازییەکی باشی لێکرا بڕیارم دا بەردەوام بم و تا ئەمڕۆش بە خۆشحاڵیەوە بەردەوامم.
مام عەولا ستایلی جلەکانی و مامەڵە و گۆرانییەکانی هۆکارە بۆ ئەوەی پێشوازی جیاوازی لێ بکرێ، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئێستا تەمەنی 78 ساڵە.
ئەو وتی، زۆر کەس هەبووە بە منداڵی گوێی لە گۆرانییەکانم گرتووە و ئێستا دەمبیننەوە پێم دەڵێنەوە، یەکێک لەوانەش ئافرەتێک بوو وتی بە منداڵی حەزم کردووە وێنەت لەگەڵ بگرم، بەڵام رێکنەکەوت ئێستا دەبێ وێنەکە بگرین.
عەوڵا پێی خۆشە، کارەکانی ببن بەهۆکاری دڵخۆشی منداڵان و دەشڵێ، تا تەمەنم مابێ دەمەوێ دڵی منداڵان خۆشکەم و گۆرانییان بۆ بڵێم.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا