هەولێر مەرجی هەیە

بەغدا دەیەوێت 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی هەرێمەوە هەناردە بکات

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ قەرەبووکردنەوەی وەستانی هەناردەی نەوت لە باشووری وڵاتەوە، داوایان لە هەرێمی کوردستان کردووە هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیکردووەتەوە و چەند مەرجێکی داناوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (15.3.2026)، وەزارەتی نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی دۆخی هەستیاری ناوچەکە و وەستانی هەناردەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە، بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە پەیوەندیدا بوون بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت لە باکوورەوە (بەندەری جەیهان) دەستپێبکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو زیانە داراییە کەمبکرێتەوە کە بەهۆی وەستانی نەوتی باشوورەوە دروست بووە.

لەبارەی بڕی نەوتی پێشنیازکراو بۆ هەناردەکردن، بەغدا ئاماژەی بەوە کردووە، داوایان کردووە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە هەناردە بکرێت، زێدەباری هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی ناوخۆی هەرێم کە پێشتر هەناردە دەکرا، لە کاتێکدا توانای گواستنەوەی بۆرییەکە 900 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.

وەزارەتی نەوت لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت: “وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیکردووەتەوە لە ئێستادا هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە و چەندین مەرجیان داناوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسی هەناردەی نەوتی خاوەوە نییە.”

بەغدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەوان پێشنیازیان کردووە پرۆسەی هەناردەکردنەکە دەستپێبکات و لە هەمان کاتیشدا گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی هەرێم بکرێت، چونکە هەر دواکەوتنێک لە هەناردەکردن، عێراق لە بەشێک لە سەرچاوە داراییەکانی بێبەش دەکات کە دەکرێت وەک قەرەبووی وەستانی نەوتی باشوور سەیر بکرێت.

لە کۆتاییدا وەزارەتی نەوتی عێراق، جارێکی دیکە بە ئاشکرا داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەکات، لەپێناو “بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەپێی دەستوور و یاسای بودجە”، دەستبەجێ پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکەنەوە.

فرۆشتنى نەوتى هەرێمى راگرت و هەر خۆیشى هەناردەى کردەوە

فرۆشتنى نەوتى هەرێمى راگرت و هەر خۆیشى هەناردەى کردەوە