بە فەرە گیان ناسراوە
ئەو بەخشراوەی شەقامەکانی پڕ کردووە لە گۆرانی شاد
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
فەرهاد گەنجێكی بەخشراوی روح سوكە، ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە بەشەقامەكانی سلێمانی دا دەسوڕێتەوە و كات و ساتی بۆ نییە و هەر كاتێك جەوی هەبێت، بە دەنگی دیجەییەكەی دەستی ناو بازاڕی شارەكە بەگۆرانی هەڵپەڕكێ كۆنتڕۆڵ دەكات.
فەرە گیان، تەمەنی نزیكەی 30 ساڵ دەبێت، كەمدووە و زۆر كەم قسە دەكات، زۆربەی كات لەبازاڕ دەمێنێتەوە و هەر لەناو شەقامەكان دەخەوێت، خەڵكی هەڵەبجەیە و ماوەیەكە ماڵیان هاتووە بۆ سلێمانی، دوای سۆراغێكی زۆر، بەدیاریكراوی چیرۆكی ژیانیمان بۆ دەرنەكەوت، بەهۆی بەخشراوییەکەیەوە و نادیاری کەسوکاری روون نییە هۆکاری ئەو شێوازەی چی بێت، بەڵام تەسجیلەکە یەکێکە لە ئارەزووەکانی ژیانی و خوڵقی پێوە گرتووە.
كرمانج حەمە غەریب، كاسبكارێكی شەوانەی بەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانییە و ئاگاداری دۆخییەتی و قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، كاكە فەرهاد ماوەی پێنج ساڵە بەو شێوازە و دیجەكەی بەباوەش دەرگرێت و لەناو بازاڕی سلێمانی دەسوڕێتەوە، هەندێك كاتیش خەڵكی دڵخۆش دەكات و لێی كۆدەبنەوە و بەگۆرانییەكانی هەڵدەپەڕن.
وتیشی، زەرەری بۆكەس نییە و تەنیا كاتێك پەركەم لێی دەدات كاسبكارانی بازاڕەكە بێزار دەكات، ئاگاداری چیرۆكی ژیانی نین، بەڵام بەخشراوە و بە ئەسڵ هەورامییە، هەندێ لەو گۆرانیانەی لایەتی هونەرمەندەكە خۆی كۆچی كردووە و هی 40 ساڵ لەمەو پێشە و ئەم زیندوویان دەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر حەز بەگۆڕینی دیجەییەكانی دەكات و دەچێت دەیفرۆشێت و دانەیەكی تازە دەكڕێتەوە، بۆ شەحنكردنیش پەنا دەباتە بەر چایخانە و دوكانەكان، هەمووی خۆشیان دەوێت و پەكی ناكەوێت، هیلاك بوون و كاتیشی بۆ نییە و بەئارەزووی خۆی بەناو بازاڕی سلێمانی دا دەگەڕێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا