هەواڵ
لە کۆیە راهێنان بە دایک و باوکانی خاوەن منداڵانی ئۆتیزم و بیرکۆڵ دەکرێت
964+
فەرمان سادق
بە مەبەستی فێرکردنیان خولێکی راهێنان بۆ دایک و باوکانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم و بیرکۆڵ دەکرێتەوە، سەرپەرشتیارەکەش دەڵێت، ئەگەر بەدەمەوەهاتن هەبێت ئەوا سەنتەرێکی راهێنان لە کۆیە دەکەینەوە.
خولەکە رۆژی سێشەممە 20.6.2023 لە ناوەندی قەزای کۆیە دەکرێتەوە و ئەمەش یەکەمجارە وەها سیمینار و خولێکی راهێنان بۆ دایک و باوکی ئەو منداڵانە بکرێتەوە کە منداڵی ئۆتیزم، بیرکۆڵ، کەمسەرنج، پڕ جووڵە و دواکەوتنی قسەکردن.
خولەکە لە هۆڵی نەجیبەخان لە کۆیە دەکرێتەوە لەلایەن رێکخراوی کاسیا.
بەگوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان، لە سنووری قەزای کۆیە سەرووی 100 منداڵی ئۆتیزم و بیرکۆڵ هەیە.
دکتۆر شکار سەید رەزا، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان و سەرپەرشتیاری خولەکە بە 964ـی وت، سیمینار و خولەکە وەک ئامادەکارییەک وایە بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بە نەخۆشخانی ئۆتیزم و بیرکۆڵ و ئەوانی تریش.
دەشڵێت: ئەمە هەوڵێکە بۆ قسەکردن لەگەڵ دایک و باوکی ئەو منداڵانە لەبارەی پڕۆژەی کردنەوەی وەها سەنتەرێک، ئەگەر بەدەمەوە هاتن هەبێت رەنگە لە دوو مانگی داهاتوودا سەنتەرێک تایبەت بە چارەسەری ئەوا منداڵانە لە کۆیە بکرێتەوە.