لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بێسەروشوێن ببوو

کەسوکاری گەنجەکەی رانیە هەواڵی گیانلەدەستدانی رۆڵەکەیان پێگەیشت

ژووری هەواڵ

ئەو گەنجەی رانیە کە لە رێگای گەیشتن بە ئیتاڵیا بیێسەروشوێن ببوو، دەرکەوت گیانی لەدەستداوە و سبەی یەکەم رۆژی پرسەکەیەتی.

رۆژی 29 لەسەر30  مانگی رابردوو دوو بەلەمی کۆچبەران لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتوون و لە نزیک کەناراوکانی ئیتاڵیا بە هۆکاری بەرزی شەپۆلەکان و ناهاوسەنگی بەلەمەکان، چوار گەنجی کورد بریندار دەبن و یەکێک لە بریندارەکان بێ سۆراغ بوو، دواتر دەرکەوت لەکاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستداوە و بەهاری تەمەنی لە رێگای گەیشتن بە غوربەت کۆتایی هات.

بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان بە 964ـی وت، “ئەو گەنجە ناوی رۆژ ئەحمەد مام ئاغاـیە و  چوار رۆژ دوای رووداوەکە واتە 4ـی ئەم مانگە، لەناو نەخۆشخانەیەکی ئیتاڵیا لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ سەری گیانی لەدەستداوە”.

وتیشی، “چاوەڕێ دەکەین خێزانەکەی نوسراوی فەرمی بدەن بە کۆمەڵەکەمان و ئێمەش لە رێگای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و حکومەتی هەرێم رێکارەکانی هێنانەوەی تەرمەکەی دەستپێدەکەین”.

هەرچی خێزان و کەسوکار و دۆستەکانی ئەو لاوە خێر لە خۆ نەدیوەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنەکانیان بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەیان بەوەداوە، سبەی یەکەم رۆژی پرسەکەیەتی لە مزگەوتی کاکەمین عەزیز ئاغا لە قەزای رانیە.