کەشێکی سارد روو لە کوردستان دەکات و پلەی گەرما حەوت پلە نزم دەبێتەوە - وێنە؛ فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم
قەمسەڵە و زۆپاکان بێننە دەرەوە
کەشێکی سارد روو لە کوردستان دەکات؛ پلەی گەرما حەوت پلە نزم دەبێتەوە
964+
شۆڕش قادری
وردە وردە گەرما ماڵئاواییمان لێدەکات و لە رۆژی هەینییەوە کەشێکی سارد روو لە کوردستان دەکات و پلەی گەرما حەوت پلە نزم دەبێتەوە، بەشێوەیەک لە ناوچە شاخاوییەکان هاوڵاتیان ناچار بە داگیرساندنی زۆپا دەبن.
محەمەد کەمال شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، “لە رۆژی هەینییەوە 10.10.2025 بارستە هەوایەکی نیمچە سارد لە دەریای ناوەڕاستەوە روو لە کوردستان دەکات و لە سەرتاسەری ناوچەکان، پلەی گەرما حەوت پلە دادەبەزێت، بەجۆرێک لە رۆژدا کەشەکە فێنک و شەوانیش سارد دەبێ، لە ناوچە شاخاوییەکانیش هاوڵاتیان پێویستیان بە داگیرساندنی زۆپا و ئامێری گەرمکەرەوە دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەشە فێنکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و دواتر پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە، بەڵام ناگاتەوە ئەم دۆخەی ئێستا و شەوان هەر سارد دەبێت.
بەقسەی محەمەد کەمال لە شەوی 12 لەسەر 13ـی ئەم مانگە هەندێک هەور لە دەریای ناوەڕاستەوە دێن بەرەو ناوچەکانی کوردستان و ئەگەری بارانبارینێکی کەم لە سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان هەیە، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی کە بارانبارین بێتە ناو سەنتەری شارەکان.
وتیشی، لە هەفتەی یەکەمی مانگی 11 لە سەنتەری شارەکانی کوردستان باران بارین دەستپێدەکات و هەر لەو مانگەشدا لە بەشێکی ناوچەکان پەڵە دەدات.