"صنع في العراق"

كۆمپانیا داهێنەرەكان دەتوانن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەشداربن

ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆتایی ئەم مانگە پێشانگەی سلێمانی دەكرێتەوە و كۆمپانیاكانی كوردستان و عێراق بەشدار دەبن، سەرپەرشتیاری پێشانگەكە دەڵێت، كۆمپانیای بچووك و ئەوانەی داهێنانیان كردووە دەتوانن بەشداربن.

حەسەن رەحیم بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، رۆژانی 23 تا 27ی ئەم مانگە، خولی سێیەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەكرێتەوە و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، كە لە ژێر ناوی ” صنع في العراق” دەبێت، واتا (لە عێراق دروست كراوە).

وتیشی، پێشانگەكە لە لایەن كۆمپانیای ئەتلەس ئەسیل سەرپەرشتی دەكرێت، بە هاوكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی كوردستان، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، دەستەی وەبەرهێنان، – بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی پیشەسازیی عێراقیش بەشدار دەبێت.

حەسەن رەحیم دەڵێت، كۆمەڵێك كۆمپانیای گەورەی هەرێمی كوردستان و عێراق بەشدار دەبن، هەروەها كۆمپانیای مامناوەند و بچووكیش دەرفەتیان پێدەدرێ بەشداربن، بە تایبەتی ئەوانەی داهێنانیان لە بوارە جیاجیاكاندا كردووە و بەرهەمی جیاوازیان دروست كردووە.

راگەیاندنی بەڕێوەچوونی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، لە كاتێكدایە ئێستا خولی حەوتەمی پێشانگەی كتێب لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.